لە باکووری ویلایەتی کالیفۆرنیا، وەکو هەموو ساڵیک، دووبارە ئاگر لە دارستانەکانیدا کەوتووەتەوە. تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە هەوڵدەدەن لە رێگەی هێلیکۆپتەرەوە ئاگرەکە بکوژێننەوە، بەڵام بەرزیی پلەی گەرمی و وشکیی هەواکە وایانکردووە، کۆنترۆڵکردنی سەخت بێت.

تەنیا لەم بەشەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، 31 کیلۆمەتر دووجا دارستان سووتاوە. بەرپرسان داوایان لە خەڵکی ناوچەکە کردووە شوێنی مانەوەیان چۆڵ بکەن. ئەوانیش ئامادەکاریی رۆیشتنیان کردووە، چونکە یادەوەری تاڵیان لەگەڵ ئاگری ئەم دارستانە هەیە کە ساڵی 2018 بووە هۆی مردنی 85 کەس. 

مایک گراپۆ، دانیشتووی کالیفۆرنیایە و دەڵێت، "ئاگرەکە چەند میلێک لێرەوە دوورە. ئێمە ئامادەین، بەڵام زۆریش ناترسین. لە ماوەی ژیانماندا لە ناوچە شاخاوییەکان هەمیشە مامەڵەمان لەگەڵ ئاگرکەوتنەوەکان کردووە. ئێمە دەزانین کە رەنگە ئاگرەکە نەگاتە ئێرە، بەڵام ئەگەر بگات ئامادەین بڕۆین."

لە ویلایەتی ئۆریگنیش کە لەگەڵ کالیفۆرنیا هاوسنوورە، 976 کیلۆمەتر چوارگۆشە رووبەری دارستان سووتاوە. بەرپرسانی ئۆریگن دەڵێن، ئاگر 67 خانوو و 117 باڵەخانەی لەنێوبردووە و هەڕەشە لە پێنج هەزار خانووی دیکەش دەکات. 

ئاگرەکەی ئەم ناوچەیە بایەکی بەهێزیشی لەگەڵدایە کە وا دەکات خێراتر تەشەنەبکات. دوو هەزار کەس ماڵ و حاڵیان جێهێشتووە. 

فرانک لی سمیز، دانیشتووی ئۆریگنە و باس لەوە دەکات، "خەریکە هێواش هێواش وای لێدێت شوێنێکم دەستناکەوێت بۆی بڕۆم و پێویستە چارەیەک بۆ خۆم بدۆزمەوە. زۆر حەزم لە دارستان دەکرد، بەڵام رەنگە ئیدی پێویست بکات بگەڕێمەوە نێو شار."

ئاگرەکە گەیشتووەتە ویلایەتی ئایداهۆ کە دەکەوێتە رۆژهەڵاتی ویلایەتی ئۆریگن. لەوێ 400 کارمەندی ئاگرکوژێنەوە شەڕ لەگەڵ بڵێسە پەرش و بڵاوەکانی ئاگرەکەدا دەکەن، بەڵام تا ئێستا کۆنتڕۆڵ نەکراوە.

بە گوێرەی ئاژانسی هاوبەشی ئاگرکوژاندنەوەی ئەمریکا، 70 ئاگری گەورە لە سەرانسەری ئەمریکادا بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما کەوتوونەتەوە و چوار هەزار و 297 کیلۆمەتر دووجایان سووتاندوو

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©