دوای ئەوەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، سەرجەم دەسەڵاتەکانی هاوسەرۆکی لە لاهوور شێخ جەنگی سەندەوە، ئێستا قسە لەسەر ئەوە دەکرێت، کە لاهوور شێخ جەنگی لە سەرۆکی لیستی هاوپەیمانیی کوردستان نەمێنێت.

بڕیارە لاهور شێخ جەنگی "هاوسەرۆکی یەکێتی" لەسەرۆکایەتیکردنی هاوپەیمانی کوردستانی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بکشێتەوە، بەڵام تا ئێستا ناکۆکی هەیە لەسەر دیاریکردنی سەرۆکی هاوپەیمانیەکە.

 

بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسى هەواڵى کوردى(KNA) ئا پاش ئەوەی دەسەڵاتەکانی هاوسەرۆکیی یەکێتی لە لاهوور شێخ جەنگی سەندرایەوە، لە سەرۆکی هاوپەیمانییەکەی یەکێتی و گۆڕانیش دووردەخرێتەوە و بزووتنەوەی گۆڕانیش بەو گۆڕانکارییە رازییە.


بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی ئاژانسى هەواڵى کوردى(KNA) لە سەرچاوەیەکی ئاگادار دەستیکەوتووە، دوای کشانەوەی لاهور شێخ جەنگی، بافڵ تاڵەبانی دەبێتە سەرۆکی هاوپەیمانیەکە، بەڵام لەنێو یەکێتیدا ڕایەک دروستبووە کە داوا دەکرێت، پەلە لە دیاریکردنی سەرۆکی هاوپەیمانێتیەکە نەکرێت.

سەرچاوەکەی هۆکارەکەی گەڕاندووەتەوە بۆئەوەی هێشتا دیارنییە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەوادەی خۆیدا دەکرێت یان نا، ئەوەش لەدوای کشانەوەی ڕەوتی سەدر لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پێشوەختە.

بەوتەى سەرچاوەکەی ئاژانسى هەواڵى کوردى(KNA) بزوتنەوەی گۆڕان لاری نییە لە دیاریکردنی بافڵ تاڵەبانی بۆ سەرۆکی هاوپەیمانێتیەکە، بەڵام داواکراوە زوو ئەو پرسە یەکلابکرێتەوە.


مانگى رابردوو لە مەراسیمێکدا یەکێتى و گۆڕان رێکەوتنى هاوپەیمانیەتیان بۆ هەلبژاردنى عێراق واژوو کردو لاهور شێخ جەنگى کرایە سەرۆکى هاوپەیمانیەتیەکە، بەڵام بەهۆى کێشەکانى ئەم دواییەى هاوسەرۆکان گرفت بۆ ئەو رێکەوتنە دروست بووە.

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©