بەپێی راپۆرتێكی وال ستریت جۆرناڵ، ئێران تا سێ ساڵی تر توانای ئەوەی دەبێت كڵاوەی ناوكی بەرهەم بهێنێت و بە مووشەكەكانی گرێ بدات.


پسپۆڕان و شارەزایان گوتوویانە، حكوومەتەكانی ئەوروپا پڕۆژەیەكیان پێشكەش كردووە بۆ گەڕاندنەوەی سەرجەم سانتریفووژە پێشكەوتووەكانی ئێران بۆ كۆگاكان، لەناوبردنی ژێرخانی تەكنیكی بۆ رێگریكردن لە دووبارە بەكارهێنانی ئەو سانتریفووژانە و دابەزاندنی توانای ئێران بۆ بەرهەمهێنانی سانتریفووژی نوێ، بەڵام ئێران دژایەتی خۆی بۆ ئەو پڕۆژەیە دەربڕیوە.


شەشەم گەڕی دانوستانی ناوكی لە نێوان ئێران و وڵاتانی چوار كۆ یەك لە ئەوروپا، لە چەند رۆژی رابردوودا كۆتایی هات، بەڵام هێشتا دیار نییە گەڕی داهاتوو كەی دەست پێ دەكات كە لە سەردەمی حكوومەتی ئیبراهیم رەئیسی درێژەیان پێ دەدرێت.


لەو شەش گەڕەی دانوستان، دوو لایەن لەسەر ئەوە رێككەوتبوون ئەگەر رێككەوتنی ناوكیی بە تەواوی زیندوو بكرێتەوە، ئێران دەتوانێ سوود لە شەش هەزار و 104 سانتریفووژ وەربگرێت، بەڵام لەوە زیاتر بۆی نییە و سانتریفووژە پێشكەوتووەكانیش دەبێت بگەڕێنرێنەوە كۆگاكان.
ئێران پیتاندنی یۆرانیۆمی بۆ رێژەی 60% بەرز كردووەتەوە


بەگوێرەی رادیۆ فەردا، ماوەی چەند مانگێكە ئێران پیتاندنی یۆرانیۆمی بۆ رێژەی 60% بەرز كردووەتەوە و ئەگەر رێككەوتنەكەش بكرێت، ئەوا رێژەی پیتاندن بۆ خوار 4% دادەبەزێنرێت.


وال ستریت جۆرناڵ گوتوویەتی، ئێران نایەوێ تا مانگێكی تر هیچ رێككەوتنێك بكات  و دەیەوێت لەوە دڵنیا بێت جۆ بایدن بە راستی سزاكان لەسەری هەڵدەوەشێنێتەوە.


هەندێك شرۆڤەكاری تریش پێیان وایە، ئێران لەم كارەیدا خوازیاری كڕینی كاتە تا بتوانێ بە تەكنەلۆجیای بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی كانزایی بگات و یۆرانیۆمی زیاتر بپیتێنێت.

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©