لێکۆڵینەوەیەکی ئەمریکی دەریدەخات، ئەو شەڕانەی لە دوای 11ی ئەیلوولی 2001ەوە ئەمریکا لە ئەفغانستان، عێراق و ناوچەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئەنجامیداون، بوونەتە هۆی ئەوەی خۆکوشتن لە نێو سوپای ئەمریکادا بەرزبێتەوە، بە جۆرێک کە ژمارەی ئەوانەی لەو کاتەوە خۆیان کوشتووە چوار هێندەی ئەوانەیە لەو شەڕانەدا کوژراون.

لێکۆڵینەوەکەی زانکۆی بڕاونی ئەمریکی بەو ئەنجامە گەیشتووە کە ژمارەیەکی زۆری ئەو سەربازانەی بەهۆی ناردنیان بۆ جەنگەکانی ئەفغانستان و عێراق تووشی گوشاری دەروونی بوون، کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە. 


ئەو زانکۆیە لێکۆڵینەوەکەی بە پشتبەستن بە داتاکانی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا کردووە.

بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکە، لەو کاتەوەی کە جۆرج دەبلیو بۆش، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا لە ساڵی 2001 شەڕێکی جیهانی دژی "تیرۆر" راگەیاند، تاوەکو ئێستا 7 هەزار و 57 ئەندامی سوپای ئەمریکا لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندا کوژراون. لە هەمان ماوەدا، نزیکەی 30 هەزار و 177 سەربازی دیکەی وڵات خۆیان کوشتووە کە دەکاتە زیاتر لە چوار هێندەی ئەوانەی لە شەڕدا کوژراون.

وەک لە لێکۆڵینەوەکەدا هاتووە، 5 هەزار و 116 سەرباز لەوان لە کاتی راپەڕاندنی ئەرکەکانیاندا خۆیان کوشتووە. هەروەها لە نێوان ساڵانی 2011 و 2020، هەزار و 193 ئەندامی گاردی نیشتمانی و هەزار و 607 سەربازی یەدەگ، کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە. 

لە پاڵ ئەوە، راپۆرتەکە دەڵێت، 22 هەزار و 261 سەرباز و ئەفسەری خانەنشینکراو خۆیان کوشتووە کە پێشتر لەو شەڕانەدا بەشدارییان کردبوو.

راپۆرتەکە جەخت لەوە دەکاتەوە، ژمارەی ئەوانەی کە خۆیان کوشتووە زیاترە لەوەی تۆمارکراوە، چونکە زانکۆکە هیچ داتایەکی خۆکوشتنی سەربازانی یەدەگ و گاردی نیشتمانی لە پێش 2011دا دەستنەکەوتووە. 

هەروەها زانکۆی براون هەندێ جۆرە رووداوی لە راپۆرتەکەیدا بە خۆکوشتن هەژمار نەکردووە، چونکە زانینی هۆکارەکانیان ئاسان نییە، لەوانەش مردن بەهۆی زیادەڕۆییکردن لە وەرگرتنی ماددەی هۆشبەر و وزەبەخش، مردن بەهۆی لەدەستدەرچوونی گوللە یان مردن بەهۆی رووداوی هاتووچۆ، کە ئەمانە هەموویان ناتوانرێت پشتڕاستبکرێنەوە بۆ مەبەستی خۆکوژی ئەنجامدرابن.

راپۆرتەکە لەگەڵ ئەوەشدا دەڵێت، خۆکوشتن لە نێو سوپای ئەمریکادا زیاترە وەک لە نێو خەڵکی ئاسایی ئەو وڵاتە، کە ئەوەشیان بەگوێرەی راپۆرتەکە رووی لە زیادبوون کردووە. 

زیادبوونی خۆکوشتن لەنێو سوپای ئەمریکادا کە هەندێ لایەنی ئەمریکی بە پەتایەکی نوێ ناوی دەبەن، پێچەوانەی تۆمارە مێژووەکانە، واتە تاوەکو پێش جەنگی ڤێتنام، رێژەکە لە نێو سوپادا کەمتر بوو وەک لەوەی کە لە نێو خەڵکی ئاساییدا هەبوو. 

راپۆرتەکە سەرنج دەخاتە سەر ئەوەی کە وێڕای ئەوەی لە دوای ساڵی 2007ەوە، کوژرانی سەربازانی ئەمریکی لە گۆڕەپانەکانی جەنگ لە عێراق و ئەفغانستان رووی دابەزین کرد، رێژەی خۆکوشتن بەشێوەیەکی کتوپڕ رووی لە زیادبوون کرد. 

راپۆرتەکەی زانکۆی براونی ئەمریکی باس لەوە دەکات، ژمارەیەک هۆکار هەن وا لە ئەندامانی سوپا دەکەن پەنا ببەنە بەر خۆکوشتن، لەوانەش هەندێ لەو کێشانەی کە لە کاتی ئەنجامدانی ئەرکەکەیاندا دووچاریان دەبن، وەک ترس و شۆکی دەروونی، ئازاری جەستەیی، گوشار، هیلاکی، ئەو کولتوورە سەربازییەی کە گوشار دەخاتە سەر سەربازەکان تاوەکو خۆیان گورجوگۆڵ بکەن و ئەو خەسڵەتانەش بشارنەوە کە وەکو لاوازی و بێتوانایی دەبینرێن، هەروەها زەحمەتیی لە خۆگونجاندنەوە لەگەڵ ژیانی ئاسایی.

هۆکارەکانی دیکە، وەکو راپۆرتەکە لێی دەڕوانێت، پەیوەستن بە جۆری ئەو شەڕانەی کە ئەمریکا لە ماوەی دوو دەیەی رابردوودا تێیاندا بەشداربووە؛ بەکارهێنانی بۆمب و ماددەی تەقەمەنی دژی هێزەکانی ئەمریکا بووەتە هۆی ئەوەی کە زەبر بەر مێشکیان بکەوێت و دووچاری نەخۆشی دەروونی بن. 

لە هەمانکاتدا، بەردەوامبوونی شەڕەکانی ئەمریکا وا دەکات کە ئەو سەربازانەی برینداربوون، دووبارە بگەڕێنەوە گۆڕەپانی جەنگ. راپۆرتەکە نیشانیدەدات کە لانیکەم یەک لەسەر سێی ئەو سەربازە بریندارانە دوای چاکبوونەوەیان دەگەڕێندرێنەوە سەر ئەرکی سەربازی. 

هەروەها بەشێکی دیکەیان بەهۆی رووبەڕووبوونەوەی گێچەڵ، هێرش و تووندوتیژی سێکسی دووچاری نەخۆشی دەروونی بوون.

لێکۆڵینەوەکە دەڵێت، دەستدرێژی یان گێچەڵی سێکسی کاریگەرییان کردووەتە سەر باری دەروونی 23٪ی ژنانی نێو سوپای ئەمریکا کە تەنانەت هەندێکیان لە گەرمەی شەڕ ئەو پێشێلکاریانەیان بەرامبەر کراوە. 

یەکێکی دیکە لەو هۆکارانەی کە بە هاندەری زیادبوونی خۆکوشتن لە نێو سوپای ئەمریکادا دادەنرێت، لێکۆڵینەوەکە پێیوایە، بریتییە لەوەی کە کۆمەڵگەی ئەمریکی بەشێکی زۆری لەگەڵ شەڕەکانی دوای 11ی ئەیلووی 2001ـدا نییە و ئەو سەربازانەشی لەو شەڕانەدا بەشدارن بە وردی ئاگاداری ئەو راستییەن. 

بەگوێرەی راپرسییەکی ساڵی 2008، نزیکەی 60٪ی سەربازە خانەنشینبووەکانی ئەمریکا پێیانوابووە کە ئەمریکا هیچ ستراتیژ و ئامانجێکی روونی لە ئەفغانستان نەبووە و رێژەیەکی زیاتریشیان پێیانوابووە کە ئەمریکا هەرگیز لە شەڕەکەدا سەرکەوتوو نەبووە. 

راپرسیەکی دیکە لە ساڵی 2018 پیشانیداوە کە 42٪ی ئەمریکیەکان یان ئاگاداری شەڕەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست نین، یان نازانن کە شەڕی دژی "تیرۆر" کۆتاییهاتووە یان نا.

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©