KNA

لە وڵاتی فلیپین ناوچەیەک هەیە کە گەشتیاران سەردانی دەکەن و کەمێک مەترسیدارە و تێیدا کۆمەڵێک تابوت هەڵواسراون و بە ساگادا ناسراون.

 نهێنی ئەم تابوتانە دەگەڕێتەوە 2000 ساڵ پێش ئێستا پێش هاتنی ئیسپانیەکان بۆ ئەو ناوچەیە، دابونەریتەکە دەگەڕێتەوە بۆ هۆزی "ئیگۆرۆت" لەویلایەتی "ماونشن" لەباکووری فلیپین هەر لەکۆنەوە تا ئێستا، بەپێی نەریتە کۆنەکەیان مردووەکانیان دەخستە تابووتەوە و بە تاشە بەردەکانەوە هەڵیاندەواسی، ئەم نەریتە لەئێستاشدا بەردەوامە، بەڵام کەمتر بەڕێوە دەچێت.


رێوڕەسمی ناشتنی مردووەکان و هەڵواسینیان بە تاشە بەردەکانەوە چەند ساڵ جارێک بەڕێوە دەچێت، بڕوایەکی باو لەپشت ئەم نهێنییەوە هەیە و هۆزی ئیگۆرۆت لەسەر ئەو بڕوایەن کە بە ناشتنی تەرمی مردووەکان لەبەرزایی، رۆحیان لە باب و باپیرانیان نزیکتر دەبێتەوە، هەندێک سەرچاوەش دەڵێن خەڵکی ئەم ناوچەیە لەوەی کە تەرمەکانیان لەلایەن ئاژەڵە کێوییەکانەوە بخورێت زۆر دەترسن، هەربۆیە حەز دەکەن تەرمەکەیان لە شوێنێکی بەرز کە دەستی هیچ بوونەوەرێک پێ نەگات بنێژرێن.


بۆچوونێکی دیکە دەڵێن مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی "هێند هانتینگ"، لەو کاتەدا مرۆڤەکانی ناوچەی "کالینگا" و پارێزگای رۆژهەڵاتیی "بۆنتۆک" کە دوژمنی خەڵکی ئەم ناوچەیە بوون، سەری دوژمنەکانیان وەکو دیاری و نیشانەی سەرکەوتن کۆ دەکردەوە، هەر بۆیه ناچار بوون مردووەکانیان لەبەرزایی بنێژن بۆ ئەوەی دەستی کەس پێی رانەگات.


ئێستا نەوەی نوێ وازیان لەم نەریتە هێناوە و تەنها لەناو کەسانی بەساڵاچوو و بەگشتی نەوەی پێشوودا ئەم رێوڕەسمانه بەڕێوە دەچێت.

 

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©