یەکێک لە کتێبە ناوازەکانى ناسر حەفیىد،بەناو نیشانى خۆڵەخۆشەویستەکەى ناوچاومان،بڵاو کراوەتەوە.

لەنوێترین كاریدا، نووسەرو ڕۆمانووس ناسر حەفید ڕۆمانی خۆڵەخۆشەویستەکەى ناوچاومان، بڵاکردەوە. ڕۆمانەكە باس لە شۆرشە کانى کورد دەکات.

ئەم ڕۆمانە نوێی نووسەر٥٣٣ لاپه‌ڕه‌یه‌ و چیرۆکێکی مێژووییی ڕیالیستییه‌، گێرانه‌وه‌ی چیرۆکی بزاڤى چەکدارى کوردە کە ئاشبەتال بڵاو بونەوەى شۆڕشى چەکدارى بوو دژ بە ستەمى بەعس.

هه‌ر که‌سێک لە هەرکوێى  جیهان بیت، گوێی له قسه‌ی شایه‌تحاڵێکی وەک پیران بیت،تێدەگات، کورد خاوەنى چیرۆکى مەزنە لە شۆڕشدا،ئەمە و جگە لەوەى ڕۆمانەکە خاوەنى چەندین تێزى ڕەخنەییە لە شۆڕش.

گومان لەوەدا نییە كە ژیانی هەمووان پێكهاتەی چەندین چیرۆكی درێژەو ڕووداوەكانی ناو ئەو چیرۆكانەش پێكهێنەری كۆی ژیانی ئێمەیە، ئێمە هەموومان چیرۆكی خۆمان هەیەو ئەوەی وادەكات چیرۆكەكانمان لەیەك نەچێت شێوازی گێڕانەوەكانیەتی، نەك چۆنێتی ڕوودانی، لەم نێوەندەش دا ئەوەی وادەكات چیرۆكەكان نەمرو ماناداربن گێڕانەوە ئەدەبیەكانە، لە شێوەی (چیرۆك و كورتە چیرۆك و ڕۆمان)دا، ئەگەرچیش مرۆ لەم ژانرانەدا ناتوانێت پابەندی چیرۆكی ڕاستەقینەی ژیانبێت، بەڵام خەیاڵ كۆمەكی دەكات، دیوی ئەودیوی ڕووداوەكان وەك ئەوەی كە هەیەو كە نییە، لە فۆڕم و شێوازێكی نوێ دا داڕێژێتەوەو پیشانی هەمووانی بداتەوە، (ئەلبیر كامۆ) دەربارەی ئەم بابەتە قسەیەكی سەرنجڕاكێشی هەیە دەڵێت، "فیكشن درۆیەكە، كە لە ڕێگەیەوە نووسەران ڕاستی دەڵێن" بەڵێ‌، ئەدەب كۆمەكمان دەكات ڕاستیەكان وەك ئەوەی كە زۆرێك نایانەوێت بیبیستن و بیبینن، بخرێنەڕوو بۆ بەرچاوی هەمووان.

نووسەر لەڕێگەی بەكارهێنانی تەكنیكی هونەری گێڕانەوەوە، دەیەوێت باس لە ژیانی تایبەتی خۆى بکات لەگەڵ شۆڕش و ڕووداوەكانی چیرۆكی ژیانی بەجۆرێك بەكۆمەكی فەنتازیا بۆ هەمووان بگێڕێتەوە، كە ناچاربین بیبیستین و بیبینین وەك ئەوەی كە هەبووەو ڕوویداوە. تا لەو ڕێگایەشەوە پێمان بڵێت "سەیركەن چیرۆكەكان چەند لەیەك دەچن و مرۆڤ چەندە گیرۆدەی بەدبەختیەكانی خۆیەتی.

 

کوێرەموشە دوای خەونی ناو دڵیان کەوتبوون (بەرکوڵێک لە رۆمانی: "خۆڵە خۆشەویستەکەی ناو چاومان.")

پیران رۆژێک بە هەلی زانی ژورەکەی باجی عاسم بپشکنێت. لە پڕ چاوی کەوتە سەر بڵاوکراوەیەک کە لە ژێر دۆشەکەکەی باجی عاسمدا قایم کرابوو. قەد قەدکراو پەپۆپکەی خواردبوو. بڵاوکراوە نهێنییەکە لە هەموو کەسێک دەترساو خۆی لە هەموو کەس ترسناکتر بوو. پیران لە بەر خۆیەوە وتی: "مارەکە ئێمەشی دۆزیەوە!" ئنجا دەستی دایەو چو لە سەر قەنەفەیەک رۆ نیشت.یەکسەر واچەی کوردە سەرکردەیەکی تاراوگە سەرنجی را کێشا: "کاتێک کە زانیمان رژێمی عێراق بووە بە مەترسیی بۆ سەر سوریای پێشکەوتنخواز، شۆڕشمان دەست پێ کردەوە." پیران سەری سوڕ ما. لای روون بوو کە هیچ کوردێک نە چۆتە بەر پەتی سێدارە لە بەر ئەوەی عێراق مەترسییە بۆ سوریا.


کەس لە عێراق چەکی هەڵ نە گرتووە لە پێناوی ئەوەدا سوریا بپارێزێت. سەرکردەکەش راست ناکات کە سوریا پێشکەوتنخوازەو ئەو سنگی خەڵکی بۆ دەکات بە قەڵغان. راستییەکە ئەوەیە کە سوریا دەیەوێت رژێمی عێراق بڕوخێت. سەرکردەش ئاڵای روخاندنی دەستەڵاتی عێراقی بۆ سوریا هەڵ کردووە، دەزانێت گەلێکی ژێردەستە هەیە بە دوای خەونی خۆیدا کوێرەموشە دوای ئەو دەکەوێت. ئەم چییان لێ دەکات، بۆ کوێیان دەبات، هیچ گەرەنتییەکیان لێی ناوێت. هەر کەس بە خەونێک خۆی مەست کردووە. خەونی هەر کەسەش ئەوەتا لە ناو دڵی خۆیدایە.بە ئەوەی ناو دڵی خۆی ئەو قسانە دەخوێنێتەوە کە بۆی دەنوسرێن. ئەو واتایانەیان لێ دروست دەکات کە خۆی دەیەوێن. گرنگ نییە سەرکردە چی دەنوسێت. گرنگ ئەوەیە ئەو کەسەی دەیخوێنێتەوە خۆی چییە؟ لە ئەو "چی"یە واتا بۆ تێکست دروست دەبێت. لە راستییدا تێکست بە بەتاڵیی دێتە بەر دەمی خوێنەر. خوێنەر خۆی پڕی دەکاتەوە.


تێکست دنیا ناشڵەقێنێت. چەک، پارە، شەڕ، کوشتن، ئەشکەنجەو سێدارە مەنجەڵەکە دەکوڵێنن. پیران بیری دەکردەوە کە ئەویش دڵۆپێک ئاوە لە ناو مەنجەڵەکەدا. کە مەنجەڵەکە گەرم بو، ئەم ناتوانێت لە ناویدا گەرم نەبێت. کێشەکە 'چی دەکەم' نە بوو بەڵکو 'چیم بە سەردێ' بوو. بۆ سەڵتەنەتی خۆیان دەدەنە شاخ و نوسەری بێ موراڵیش دەیان کەن بە سەردار. باشی بۆ چوون.هەر خراپکارێک توانیبێتی کۆمەڵە هۆنراوەیەک بنوسێت یان چەند کتێبێک دەر بکات، ئیتر وەکو بەلەم پێیان پەڕیووەتەوە، چاوی گەلێکی زەلیلی پێ کوێر کردوون. چ جیاوازییەک هەبوو لە نێوان باش و جاشدا جگە لە هەبوون و نەبوونی رۆژنامە؟ ئەوانەی جاش بوون بە بێ بەلەم خۆیان دا بە دەم دەریاکەوەو ون بون.

ئەگەر ئەوانیش رۆژنامەیان دەر بکردایەو بۆ چینی کرێکارو دیموکراتیی وشەیان بهۆنیایەتەوە، ئێستا روناکبیر، تێکۆشەرو نەمر بوون. پیران نوسینەکەی قەد قەد کردەوەو خستییەوە جێگای خۆی.


لە ئەو دیو پەنجەرەی ژوری میوانەوە باجی عاسمی بینی لە هەیوانەکە تەنها دا نیشتبوو. دەستەکانی را دەوەشاند و جار جار روی دەکردە ئاسمان: "ئەرێ ئەوە تۆ لە کوێیت خودایە؟ کەی لە سەر بەندەی خۆت دێیتە دەنگ؟ ئاخر پێم بڵێ چیمان کردبوو؟ ئەم زوڵمە هەتاکو کەی؟ کوڕی ئەم خەڵکەیان نە هێشت.من تێ ناگەم بۆچی وا دەکەن؟ ئەرێ ئەوە نان بەش ناکات؟ ئەرز بەش ناکات؟ خانوو بەش ناکات؟ لە سەر چییە ئەم کوشتارە؟ خۆ بە خودا ئەوەی پارەدارە لە هەژارەکە خراپترە. تێرخواردنیان بۆ نییە. ئێ خودایە تۆش بەو سەرەوە لێ گەڕاویت، بەرت بۆ بەرەڵا کردوون! ئێ دە غەزەبێکیان لێ بگرە! دڵمان تەقی! هەتا کەی تاقیمان دەکەیتەوە؟"

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©