کچ و کوڕێک لە ئۆکراینا کە خۆشەویستی یەکدین 123 رۆژە بە زنجیر دەستیان بەیەکەوە بەستەوە. ئەوان ناویان ئەلێکسەندەر و ڤیکتۆریایە و خەڵکی کیڤی ئۆکراینان. ئەو کاتەی دەستیان پێکەوە بەسترابووەوە، بۆ هەموو شوێنێک پێکەوەبوون تەنانەت دەستشۆردن و توالێتیش.

ئەو دوو خۆشەویستە تەنانەت ئاگاداری ورد و درشتی نهێنییەکانی ژیانی یەکدین. دوای 123 رۆژیش، زنجیرەکەیان پچڕاند و گەڕانەوە ژیانی ئاسایی.

ڤیکتۆریا دەڵێت، "دەبووایە کەسێك کۆتایی بەم کارەی بهێنایە، منیش گوتم من کۆتایی پێدەهێنم. لەبەر ئەوەی لەو هەستە تێناگەم، لەو خۆشەیستییە تێناگەم. ئەوەم پێ قبووڵناکرێت. دەمەوێ بگەڕێمەوە ژیانی رۆژانەم. بگەڕێمەوە سەر کارەکەم."

ئەو کچ و کوڕە لە رۆژی ڤالانتایندا لە 14ی شوباتی ئەمساڵ دەستیان بەیەکەوە بەستەوە، ئەمەش وەکو دووپاتکردنەوەی پەیماننامەیەکی خۆشەویستی و هەروەها ببنە نموونەی بەیەکەوە مانەوەی هاوژین و خۆشەویستی یەکدی، بەڵام دەرکەوت بەمدواییانە هێندەی لەبەرچاوی یەکبن، دڵیان لەسەر یەکدی سارد دەبوو.

ئەلێکسەندەر بە رۆژنامەڤانانی گوت، "چیدی جێگەی رەزامەندی نەبوو. هەفتەی رابردوو هەوڵماندا سازشێک بکەین. من ئەوەی لەتوانامدابوو کردم. ڤیکاش بە هەمان شێوە. ئاگادار بووم کە ئەویش هەوڵی دەدا درێژە بکێشێ، بەڵام لەگەڵ یەکدی سارد بووین، هەستی پێدەکرا. خۆم هەستم پێدەکرد و ڤیکاش هەستی پێدەکرد. ئەمەش دیاردەیەکی ئاساییە و روودەدات و نامێنێت. پێموایە ئەو ماوەیە شتی شاراوەمان بەرامبەر یەکدی نەما، ئەمە تەنیا سوودی زنجیرەکە بوو."

لە ناوەڕاستی مانگی ئادار، کچ و کوڕەکە رایانگەیاند، ئامانجیانە لە زیادکردنێکی ئاشکرا زنجیرەکە بە سێ ملیۆن دۆلار بفرۆشن، دوو ملیۆنی بۆ کاری خێرخوازی تەرخان دەکەن و ملیۆنێکیش بۆ خۆشگوزەرانی و قەرەبووکردنەوەی پەیوەندیی سارد و لەیەکتۆران لە ماوەی ئەو 123 رۆژەدا کە تاوەکو 17ـی ئەم مانگەی خایاند. 

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©