ن: جێگر بەختیار

ڕێگە بەخۆم دەدەم لە پێناسەیەکی کورتی ڕۆمانی (مرۆڤی ھەرزان)، بڵێم: ڕۆمانێکی ئەخڵاقییە.
لە سەرتاپای ڕۆمانەکە، خوێنەر بەرکەوتەی دەبێت، بەو ڕستانەی ئومێد و ھیوا لە ناخی ئینسان دەچێنن.

ڕۆمانی مرۆڤی ھەرزان ڕۆمانێکی زانستی خەیاڵییە. لێ لە چەند بەشێکی سەرەتا نووسەر پێناسەی ئەو پارچە زانستیانە دەکات، کە بەشێکیان نوێن بۆ مێشکی خوێنەر و بەشێکیشیان لە ئێستادا ھەن. دواتر کە خوێنەر دەکەوێتە نێو ڕووداوەکان کەمتر ئامێری نوێ بەدی دەکرێ. جگە لەوانەی لەسەرەتا پێناسەکراون بەزمانی گێڕانەوە.
ڕۆمانەکە بە گۆشەنیگای کەسی سێیەم نووسراوە، تەکنیکی پارچەپارچەکردنی تێدا بەکار ھاتووە. گفتوگۆکان لە ئاستی زانست و کەسایەتی کارەکتەرەکانن. ناوەڕۆک ھەڵگری خاسیەتی ناونیشانەکەیە. 
دەستپێکی ڕۆمانکە خوێنەر ھەست بەوە دەکات، کە ئەم ڕۆمانە پێشبینی دەخاتە بەرد دیدی خوێنەر. وەک چۆن لەسەرەتا باسی ھەشتا ساڵ دوای ئێستا دەکات. ڕووداوەکان لە چوارچێوەی ئەو پێشکەوتنەی تەکنەلۆژیا دەمێنێتەوە. لێ کڕۆکی ڕووداوەکان قابیلی ئەوەن کەبڵێین لەئێستەشدا مرۆڤ بەھەمان ئەو بارە دادەڕوا.
مردنی حیزب و مردنی ئایین دوو خاڵی سەرەکین، کە نووسەر وەک پێشبینیەک کاری لەسەر کردوون. ئەوەش کۆمەڵە پرسیارێک درووست دەکات؛ 
ـ ئایا مردنی حیزب و مردنی ئایین مرۆڤ بەرو ئەو ژیانە بێ مانایەی کە نووسەر کار لەسەر کردووە، دەبات؟
ـ ئایا مردنی حیزب و مردنی ئایین، ڕزگارکەری مرۆڤن وەک نووسەر پشتی بەستووە بە مراندنیان؟
خۆکووژی، یەکێکە لە پێشبینیە خراپەکان. بەڵام نووسەر کار لەسەر ئەوە دەکات، کە ئاخۆ خۆکووژی ڕزگارکەری مرۆڤە بێ ھیواکانە؟ دوای مردن مرۆڤ دەگا بەو ئاسوودەیەی کە دەیەوێت؟ 
نووسەر بە نەنیشاندانی دوونیایی دوای مردن، ھەوڵدەدا پێمان بڵێت ئەوە کاری مرۆڤە ھەرزانەکانە. مرۆڤ ناتوانێ بە ئاسانی لەو دونیایە دەرچێت و بگاتە ئارامی. ژیان پێویستی بە بەرەنگارییە. 
نووسەر نیشانی دەدا، کووشتنی مێروولەیەک، ئازاردانی دای و باب،  بیرکردنەوەی نەگەتیڤی. ھۆکارن تا مرۆڤ دوای مردنیشی نەگاتە ئارامی. 
گەرچی نووسەر باسی زەمەنێک دەکات، کە  ھیچ ئایینێک نەماوە، بەڵام چەندان ئاماژە دەدات کە خودا ڕزگار کەری مرۆڤەکانە. مرۆڤە باشەکان بێ ھەبوونی ھیچ ئایینێک دەشێت کەسانێک بن، کە دوای مردن ئاسوودەیان دەست دەکەوێت.
ئەوەی زۆر جێگای سەرنجی من بوو، نووسەر لە یەکێک لە پێشبینیەکانی، باسی گۆڕینی ناوی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکات. کە گۆڕاوە بۆ کۆمپانیای نەتەوە یەکگرتووەکان.  
ئەوەش ئەگەرێکە لە ئەگەرەکان. وەک چۆن لەسەردەمی حوکمڕانی (دۆناڵ ترامپ) ئەمریکا وەک کۆمپانیایەک بە ڕوونی ھەستی پێکرا.
لەو ڕۆمانە وەک پێشھاتێک نووسەر ئەوە دەخاتە ڕوو، کە تەمەن کورتە. مرۆڤەکان بە تەمەنی کەمتر دەگەن بەوەی ئێستە ھەیە.  بە بیست ساڵ ئەزموونکردن دەتوانێت ئەزموونێکی تەواوی ژیان بکات. 
کوردستان بەھۆی ئەو جوگرافیایی ھەیەتی، کە کەوتۆتە شوێنێکی ستراتیژی. ھەموو کات چاوی لەسەر بووە. ھەر ئەوەشە وا لەنووسەر دەکات، ڕووداوەکان بێنێتە شاری ھەولێر.  روودواوەکانی تریش لە بۆشایی ئاسمان ڕوودەدەن. بەشێکی کەمیشی لەوڵاتانی دی.
ئەوەی چێژ بەخشە بۆ خوێنەر، زیادەڕوەی تێدا نییە و ڕۆمانکی پوختکراوەیە. تەنانەت لە زۆر شوێن بە زیرەکی نووسەر و بێ ئەوەی خوێنەر ھەست بکات، بەشێک لەگێڕانەوەی زیادە دەپەڕێنێت. 
لە کاتی خوێندنەوەی ڕۆمانەکە خوێنەر زۆر جار دەوەستێت و تێڕامانێک دەکات. بەدوای وەڵامی ئەو پرسیارانە دەکەوێت ، کە نووسەر لە مێشکیدا بەجێیدێڵێت. لە کۆتاییدا پرسیاری ئەوە لەخۆی بکات، ئەرێ منیش مرۆڤێکی ھەرزانم؟

زۆرترین خوێندراو

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©