وێنەی فۆتۆگرافەرێکی شاری سلێمانی دەنگدانەوەیەکی خێرای لەنێو سۆشیال میدیا بەگشتی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووکدا هێنا کە تێیدا پیرەمێردێک لە "زەمەنی کۆرۆنا" دا لە سەر شۆستەیەک دانیشتووە سفرەی سەفەری دەفرۆشت.

ئەوەی جێگەی سەرنجی هەوادارنی ئەم وێنەیە بوو ئەوەیە لەم کاتەدا زۆربەی هاوڵاتیان رێنماییە تەندروستیەکان جێبەجێ ناکەن بەڵام وەک لە وێنەکەدا دەردەکەوێت ئەم پیرەمێردە دەستکێش و کەمامەی بەکار هێناوە.

خاوەنی وێنەکەش لەچاوپێکەوتنێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی کوردی KNA رایدەگەیەنێت: کاری رۆژنامەنوس و فۆتۆگرافەر ئەوەیە دیووە هەژاریەکەی هەژاران پیشان بدات تەنانەت ئامادەبن تابەخشینی رۆحیان و دەشڵێت: بۆ ئەم مەبەستە داوام لە دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی کردووە خەڵاتی رێزلێنانی پێبدرێت وبکرێت بە "سونبول"ی شاری سلێمانی.

 KNA - ئاکۆ جەمیل

دەقی چاوپێکەوتنەکە: لەگەڵ ناسیح عەلی خەیات.

KNA: پیشەی تۆ چییە؟ 

ناسیح عەلی خەیات: پیشەی سەرەکی ژیانم بریتییە لە فۆتۆگرافەری و هەمیشە هەوڵ دەدەم لەکارەکانمدا رووی دیوە هەژارییەکەی هەژارەکان پیشانی بەرپرسان و دەوڵەمەندەکان بدەم تا لەم رێگەیەوە ئاوڕێکیان لێ بدەنەوە هەندێک باری ژیانیان بۆ ئاسان بکەن.

 

KNA: بیرۆکەی ئەم وێنەیەت چۆن دەستکەوت؟

ناسیح عەلی خەیات: رۆژانە بە نێو کووچەو کۆڵانەکانی شاری سلێمانیدا دەگەڕێم تا دیمەنی پیرەمێردێکی پیشەوەرم بینی لەبەردەم خۆیدا (سفرەی سەفەری) داناوە بۆ فرۆشتن منیش بە هەندم وەرگرت بۆ پیشەکەی خۆم زۆر گونجاوە.

 

KNA: چۆن بوو وێنەی ئەم پیرەمێردەت بۆ کارێکی خۆت هەڵبژارد؟

ناسیح عەلی خەیات: ماوەی دوو رۆژ چاودێریم کرد و پرسیاری باری دارایی و تەندروستیم کرد، دەرکەوت خێزانەکەی نەخۆشەو خۆیشی نەخۆشی درێژخایەن و تەنگەنەفەسی و فشاری خوێنی لەگەڵدایە.

 

KNA: دوای گەڕان و چاودێری گەیشتی بە چ دەر ئەجامێك؟

ناسیح عەلی خەیات: بۆم دەرکەوت ئەم پیرەمێردە مانگانە بڕی 357 هەزار دینار بۆ نەخۆشەکانی وەردەرگرێت کە ئەو بڕە پارەیە داهاتێکی زۆر کەمە، هەروەها خۆیشی بڕی 237 هەزار دینار خانەنیشی وەردەگرێت.

 

KNA: قازانج و داهاتی پیرەمێردەکە چەندە؟

ناسیح عەلی خەیات: رۆژانە بڕی 8 هەزار دینار سفرە دەکڕێت و بڕی 10 تا 15هەزار دیناری بۆ دەگرێتەوە کە قازانجەکەی دەکاتە (3500 بۆ 5000 دینار).

 

KNA: رۆژنامەنوسان و فۆتۆگرافەران پێویستە چۆن مامەڵە لەگەڵ هاوشاریانیاندا بکەن؟

ناسیح عەلی خەیات: کاری رۆژنامەنوس و فۆتۆگرافەر ئەوەیە دیووە هەژاریەکەی هەژاران پیشان بدات تەنانەت ئامادەبن تابەخشینی رۆحیان.

 

KNA: ئەی باری تەندروستی خانەوادەی ئەم پیرەمێردە چۆنە؟

ناسیح عەلی خەیات: ئەم پیاوە خێزانی تووشی نەخۆشی لەبیرچوونەوە بووە کچێکیشی نەخۆشی دەروونی لەگەڵدایە خۆیشی فشاری خوێن و گوێگرانی لەگەڵدایە لەگەڵ هەموو ئەم نەهامەتیانەشدا لە زۆربەی کەسە رۆشنبیریەکانی ئەم شارە باشتر خۆی لە نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەپارێزێت.

KNA: جگە لە گەورەکردنی وێنەکە، چی دواکارییەکت لە دەسەڵاتداران کردووە؟

ناسیح عەلی خەیات: داوام لە دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی کردووە خەڵاتی رێزلێنانی پێبدرێت وبکرێت بە "سونبل "ی شاری سلێمانی

 

پرۆفایلی پیرەمێردە سفرە فرۆشەکە:

ناوی (مام شەریف)و خەڵکی ناوچەی شارباژێرە بەڵام ئێستا نیشتەجێی گەڕەکی ئازادی شاری سلێمانییەو رۆژانە لەکاتژمێر هەشت بۆ دوو-ی دوانیوەڕۆ لە جادەی مەولەوی پشت بەریدەکە سفرەی سەفەری دەفرۆشێت و داهاتی رۆژانەی تەنها 3500 دینار بۆ 5000 دینارە.

 

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©